مۆبایلە نوێیەكانی ئێستا سەرەڕای ئەوەی كە خاوەنی كۆمەڵێك تایبەتمەندی بەرز و پێشكەوتوون بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووچاری خاوبوونەوە و وەستان دەبن هەندێكجار بەهۆی بوونی كۆمەڵێك بەرنامە یان زۆر كارپێكردن و گەرم بوونیان.

ماڵپەڕی(ئەلعەرەبیە)هەشت ڕێگای خستووەتەڕوو كە تیایدا یارمەتیدەر دەبن لەچارەسەركردن و نەهێشتنی خاوبوونەوەی مۆبایلەكانی سیستمی ئەندرۆید.

لەخوارەوە  ئەو ڕێگایانە دەخەینەڕوو:

بەرنامەكان دابخەن:

لەگەڵ ئەوەی کە لە ئێستادا و لەم ڤێرژنە نوێیەدا بەرنامەكان گۆڕانكاری و چاكسازی باشیان تێداكراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووچاری خاوبوونەوە دەبن بۆیە باشتر وایە كە بەرنامە ناپێویستەكان دابخەن و تەنها ئەوانە بكەنەوە كە پێویستیتان پێیان هەیە.

مۆبایلەكەت بكوژێنەرەوە و ئیشی پێبكەنەوە:

كوژاندنەوەی مۆیایل و كارپێكردنەوەی یەكێكە لەو كردارانەی كە یارمەتی نەهێشتنی خاوبوونەوەی مۆبایلەكە دەدات ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە بەم كردارە یارمەتی مۆبایلەكە دەدات كەمێك پشوو وەرگرێت و سیستمەكە كارپێبكاتەوە.

خێرایی ئینتەرنێتەكەتان تاقیبكەنەوە:

لەئێستادا ئینتەرنێت بەشێكی زۆری بەكارهێنانی مۆبایلەكان دەگرێتەوە، بۆیە بوونی هەر جۆرە گرفتێك لەهێڵی ئینتەرنێتەكە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی مۆبایلەكە.

لەكارخستنی زیدجێت:

ئەم جۆرە بەرنامەیە یەكێكە لەو بەرنامانەی كە لەسەر چەند بەرنامەیەكی تریش كارایە و ئەوەش لە زۆر کاژتدا هۆكاری خاوبوونەوەی مۆبایلەكەیە.

سیستمی مۆبایلەكانتان بكەنە بەرزترین ڤێرژن:

هەمیشە مۆبایلەكانتان لەسەر نوێترین ڤێرژن دابنێن چونكە كۆنی ڤێرژنی مۆبایل كاریگەرییەكی نەرێنی دەبێت لەسەر خێرایی و كاركردنی بەرنامەكانی ناو مۆبایلەكە.

باكگراوندە جوڵاوەكان لەكاربخەن:

ئەم جۆرە بەرنامانە كاردەكاتە سەر خێرایی مۆبایلەكە و لەگەڵ ئەوەشدا بڕێكی زۆر لە وزەی پاتری بەکاردەهێنێت، بۆیە باشتر وایە كە باكگراوندی وەستاو بەكاربهێنن.

بیری كاتی مۆبایلەكە بسڕنەوە:

بیری كاتی مۆبایلەكە(Cache) هەندێکجار دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی مۆبایلەكانی سیستمی ئەندرۆید، ئەوەش بەهۆی هەندێك فایلی كاتی یان تێكچوو لەناویدا.

دووبارە ڕێكخستنەوەی مۆبایلەكە:

ئەگەر هاتوو ئەو ڕێگایانەی سەرەوە هیچیان سوودی نەبوو ئەوا دەتوانن ئەم ڕێگەیە وەك كۆتا چارەسەری کێشەی خاوبوونەوەی مۆبایلەكانتان بەكاربهێنن، بەڵام ئەگەر هاتوو چاك نەبوو ئەوا لەوانەیە گرفتێكی تەكنیكی لەناو مۆبایلەكەدا هەبێت یان جۆری مۆبایلەكەتان كۆن بێت و پێویست بكات بیگۆڕن.

 

ئامادەكردن :twana sabah


"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...