شارەزایانى تاوانى ئەلیکترۆنى ڕایانگەیاندووە، لە دوێنێوە هێرشێکى ترى نهێنى و شاراوە دەستیپێکردووە بۆ سەر سەدان هەزار کۆمپیوتەر لە جیهاندا و مەبەست لێی کۆکردنەوەى سامانە لەلایەن ئەو هاککەرانەوە.ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، هاککەرەکان بە هەمان شێوەى هێرشەکەى هەینى ڕابردوو ئەو کەلێنەى ویندۆزى ئیکس پی-یان بە کارهێناوە و سەدان هەزار کۆمپیوتەرى دیکەیان هاککردووە بەبێ ئەوەى بەکارهێنەران پێى بزانن. 
ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشەکە لە ڕێگەى ڤایرۆسی وەنەکراییەوە ئەنجامدراوە و لە نیشانەکانیشی ئەوەیە کۆمپیتەرەکان زۆر خاو دەبنەوە.  
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە، ٢٠٠ هەزار سیستمى ئەلیکترۆنى لە ١٥٠ وڵاتى جیهان بوونە قوربانیى یەکێک لە گەورەترین هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، کە تاوەکو ئێستا لە مێژوودا وێنەى نەبووە.
هێرشەکە سودی لەبەکارهێنانی لاوازیی یەکێک لە ڤێرژنەکانی مایکرۆسۆفت ویندۆز بینیوە کە لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە دزراوە.
ئەو هاککەرانەى کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە بۆشاییەکى ویندۆز ئێکسپیان بەکارهێناوە بۆ بەئامانجگرتنى قوربانییەکان، بەشێوەیەک کە لە ڕێگەى ئیمەیڵى ساختەوە ڤایرۆسێکیان ڕەوانەکردووە بەناوى (وەنە کراى) واتە دەتەوێ بگریت؟! ئەو کۆمپیوتەرانەى هاککراون تەواوى فایل و زانیارییەکانیان قوفڵ بوون، و لە بەرامبەری دووبارە کردنەوەى ئەو فایل و زانیارییانەدا، داواى ٣٠٠ دۆلار بۆ ٦٠٠ دۆلار دەکرێت.
لە دواهەمین کاردانەوەى ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەدا پۆلیسى یەکێتیى ئەوروپا ڕایگەیاند، جیهان بەهۆى ئەو هێرشەوە ڕووبەڕووى هەڕەشەیەکى گەورە دەبێتەوە و لەوەش مەترسیدارتر، هێرشی داهاتووی ئەو هاککەرانەیە.
ئەو هێرشە کێشە بۆ هەریەک لە ئامێرەکانى کۆمپیوتەر و تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکان دروستدەکات. ئەوەش ترسێکى زۆرى لە وڵاتانى ئەوروپى و لەم دواییانەشدا چەندین وڵاتى عەرەبى و بە عێراق و هەرێمى کوردستانیشەوە دروستکردووە، دواى ئەوەى دەرکەوت لەناو ئەو سنوورەدا ڕێژەیەکى زۆرى ئامێرەکانى پەکخستووە.
هاککەرەکان بە چەندین زمانى جیاواز فایلەکانیان ڕەوانە کرووە. شارەزایانى ئەو بوارە لەوبڕوایەدان کە ویستوویانە زۆرینەى زۆرى سیستمە ئەلیکترۆنییەکانى جیهان بەئامانج بگرن.
هێشتا نازانرێت کێ لەپشت ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیەیە، بەڵام هاککەرەکان ڤایرۆسێکیان بەکارهێناوە، کە پێشتر لەلایەن دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکاوە بەکارهێنراوە بەمەبەستى هێرشى ئەلیکترۆنى.
ئێدوارد سنۆودن کە لە پێشوودا لەو دەزگایەى ئەمریکا کاریکردووە بە ناڕاستەوخۆ دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکاى تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند، کارەکانى ئەو دەزگایە وایکردووە ئەو هاککەرانەى کە لێهاتووییەکى کەمیان هەیە بتوانن هێرش بکەنە سەر سیستمە حوکمییەکان.
هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا زیانى ئابووریى گەورەیان بە وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهان گەیاندووە، بە شێوەیەک کە لەنێوان ساڵانى ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٢دا چەندین کۆمپانیاى گەورەى ئەوروپا و ئەمریکا بە بڕى ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیانیان پێگەیشت.
چەندین ڕێگاى جیاوازهەیە بۆ ڕێگریکردن لە هاککەرەکان، بەڵام باشترین ڕێگا خۆپاراستنە، بەشێوەیەک کە  بەکارهێنەرانى ئینتەرنێت ئەو ئیمەیلانە نەکەنەوە کە جێگەى گومانن، یان هەندێ فایلى گوماناویان تێدایە. بۆنمونە، لە ئیمەیلەکاندا بانگەشە بۆ ئەوە کراوە کە تۆ دەرفەتێکى کار بەدەست دەهێنیت ئەگەر زانیارییەکانیان بۆ ڕەوانە بکەیت. هەروەها دەبێت بەکارهێنەران خۆیان بەدووربگرن لە کردنەوەى ئەو لینکە گوماناوییانەى کە هەندێجار لەلایەن هاوڕێ و دۆستەکانیانەوە بۆیان ڕەوانە دەکرێت، چونکە لەوانەیە هاوڕێکانیان هاک کرابن.
ستیڤ لانگن، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى هیسکۆکس بۆ دڵنیایی دەڵێت، ساڵى ڕابردوو، بەهۆى هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە، نزیکەى ٤٥٠ ملیار دۆلار زیان بەر ئابووریى جیهان کەوتووە و زیاتر لە دوو ملیار فایلى کەسیش دزراون.


"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...