نوێترین توێژینەوەی زانستی گەشتووە بەو ئەنجامەی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك مۆبایل و كۆمپیوتەر بۆ ماوەی درێژ، زیان بە تەندروستی مێشكی گەنجان دەگەیەنێت. ئەم توێژینەوەیە لە لایەن چەند ناوەندێكی پسپۆر و لە تەواوی ئەوروپا لەسەر (10) هەزار كەس لە نێوان تەمەنی (16 بۆ 19) ساڵی ئەنجامدراوە. ئەنجامی توێژینەوەكە باس لەوە دەكات، بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بۆ ماوەی دوو سەعات، كاریگەری دەبێت لەسەر خەو زڕان و نەچوونە خەوی قووڵەوە، ئەم ئەنجامەش زۆرینەی بەشداربووان پشتراستیان كردۆتەوە. ئەمەش هەندێك لە ئەنجامەكانە: - بەشداربووە كچەكان لە بارەی كاتەكانی خۆیان بە توێژەرەكانیان وتووە (بە شێوەی تێكڕایی)، رۆژانە (پێنج سەعات و نیو) لە بەرامبەر تەلەفزیۆن و مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیان بەسەر دەبەن. كوڕەكانیش بە شێوەی تێكڕا رۆژانە (شەش سەعات و نیو)یان لە بەرامبەر ئەو ئامێرانە بەسەر بردووە. - كوڕەكان زیاتر بە یارییە كۆمپیوتەرییەكانەوەی كاتی خۆیان بەسەر بردووە، كچەكانیش زیاتر بە چات كردن. - تا سەعاتەكانی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لای كەسێك زیادی كردبێت، كێشەكانی تایبەت بە خەو و كێشە تەندروستییەكانی مێشك زیادیان كردووە. - لە نیوە زیاتری ئەو گەنجانەی رۆژانە (4) سەعاتیان بەو ئامێرانەوە بەسەر بردووە، پێویستیان بە یەك سەعات هەبووە تا خەویان لێبكەوێت. هەتا بەكارهێنانەكان زیاتر بووبن، خەوی خاوەنەكەی كەمی كردووە. - بە پێەوانەی گەنجی نەوەكانی پێشوو، نزیكی دوو لە سێی بەشداربووان، رۆژانە كەمتر لە (5) سەعات خەوتوون. ماری هایزینگ، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە لە دامەزراوەی (یۆنی) بۆ توێژینەوە تەندروستییەكان لە شاری (بێرگن)ی نەرویجی دەڵێت: ئەنجامەكان پێمان دەڵێن، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان تەواوی كاتی گەنجی ئەم نەوەیان داگیركردووە هیچ كاتێكیش نەماوەتەوە بۆ چالاكییەكانی دیكە، تەنانەت خەویش. هایزینگ دەڵێت: ئەو تیشكەی لە شاشەكانەوە دەردەچێت كار لە ئاماژەكانی دەماخ دەكات و بەوەش سەعاتی زیندەیی ناو لاشە تێكدەدات و لەوێشەوە زۆرێك لە زیندەكردارەكانی مێشك تێك دەچێت. رۆسێل فۆستەر، پرۆفیسۆری دەمارناسیی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد یەكێكی ترە لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە دەڵێت: ئەنجامەكانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیان پشتراست كردەوە كە، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان زیان بە تەندروستی مێشك دەگەیەنن و دەبێت خۆمان ئامادە بكەین بۆ دەركەوتنی چەند نەخۆشییەكی دەماریی و دەروونیی نوێ‌، كە پێدەچێت رووبەرووی ئەم نەوەیەی ئێستا بێتەوە كە ژیانیان بووە بە بەكارهێنانی ئمارە ئەلكترۆنییەكان.

س.خەڵك


"" به‌ یه‌ك ووشه‌ش بێت رای خۆتان ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ربرن خۆش حاڵ ده‌بین ""
جار خوێندراوەتەوە
keyboard_arrow_up

مافی بابه‌ته‌كانمان پارێزراوه‌ بۆ© ماڵپه‌ری زانیاری

close

شتیك بنووسه‌ بۆ گه‌ران...